ئەمریكا.. 43 سیناتۆر داوا لە بایدن دەكەن نەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران

26/03/2021 جیهان

نەوا
لە نامەیەكدا 43 ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە هەر دوو پارتی كۆماری و دیموكرات داوا لەسەرۆكی وڵاتەكەیان دەكەن لە بری گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆم، رێككەوتنێكی نوێی گشتگیر لەگەڵ ئێران واژۆ بكات كە پرسی بەرنامە موشەكیەكەی ئەو وڵاتە و هەڵسوكەوتەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە خۆ بگرێت.
ئەو سیناتۆرانە باسیان لەوەكردووە، كە سەرباری ئەوەی تێڕوانینی جیاوازیان بۆ زۆر پرسی دیكە هەیە، بەڵام كۆكن لەسەر ئەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و پێویستە سنورێكیش بۆ بەرنامە موشەكیەكەی تاران و پاڵپشتییەكانی ئەو وڵاتە لەو گروپانەی دژی ئەمریكان دابنرێت.
لەو رووەوە ئەو 43 ئەندامەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا داوایان كردووە جۆ بایدن نەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 و لە بری ئەوە رێككەوتنێكی تۆكمە و هەمەلایەنە لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكی ئێران واژۆ بكات، كە بابەتی هەڵسوكەوتەكانی ئێران لە ناوچەكە و چارەنوسی زیندانیانی ئەمریكی لە ئێرانیش لە خۆبگرێت.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە 100 ئەندام پێكهاتووە و پێشتریش 10 ئەندامی ئەنجومەنەكە كە سەرجەمیان سەر بە دیموكراتەكان بوون لە نامەیەكدا بۆ بایدن داوایان كردبوو بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی.
لە ساڵی 2018دا دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتین ئەتۆمی راگەیاند و سزاكانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، بەڵام جۆ بایدن سورە لەسەر بەگەڕخستنەوە و گەڕانەوە ئەو رێككەوتنە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group