لاڤرۆف: پەیوەندییەكانی روسیا و وڵاتانی رۆژئاوایی لە خراپترین ئاستدایە

02/04/2021 جیهان

نەوا
وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی لە خراپترین ئاستدایە، باسی لەوەشكرد، تائێستا بڕیاریان نەداوە لەسەر گەڕانەوەی باڵیۆزەكەیان بۆ واشنتۆن.
سێرگی لاڤرۆف وەزیری دەرەوەی روسیا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، وتەكانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی ڤلادمیر پۆتن، كە بە بكوژ ناویبردبوو، قێزەونن، هەر بۆیە مۆسكۆ بڕیاریداوە چاو بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا بخشێنێتەوە.
باسی لەوەشكرد، روسیا بە مەبەستی رەواندنەوەی ئەو بارگرژییە، پێشنیازی كردبوو، كە پەیوەندیەكی تەلەفونی لە نێوان پۆتن و بایدندا ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنی ئەمریكی رەتیكردبوەوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی لە نزمترین و خراپترین ئاستدایە.
لەهەمانكاتدا باسی لەوەشكرد، سەرباری ئەو پەیوەندیە خراپە هەموولایەك باش دەزانن كە مەترسییەكانی بەردەوام بوونی ئەو دۆخە لە چ ئاستێكدایە.
روسیا دوای وتەكانی بایدن لە بارەی پۆتنەوە باڵیۆزی خۆی لە واشنتۆن كشاندوەتەوە، لاڤرۆف سەبارەت بە كاتی گەڕانەوەی باڵیۆزەكەیان بۆ ئەمریكا وتی، تائێستا لەو بارەوە بڕیاریان نەداوە و ئەو بڕیارە لەدەستدا ڤلادمیر پۆتندایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group