نهوا
دەستەی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، راکان جبوری پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشەکانی دیوانی پارێزگای کەرکووک بەھۆی سەرپێچی و زیانگەیاندن بەسامانی گشتی، بانگھێشتی دەستەکە کراون.
دەستەی دەسپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەکە لە خستنەڕووی وردەکاری ئەو کەیسەی کە لێکۆڵینەوەی تیایدا کردووە و رەوانەی دادگای کردووە، ئاماژەی بەوەداوە دادگا فەرمانی بانگھێشتکردنی بۆ پارێزگاری کەرکووک و ژمارەیەک بەڕێوەبەری بەشەکانی دیوانی پارێزگا دەرکردووە کە ھەر یەک لە بەڕێوەبەری بەشەکانی گرێبەستەکانی حکوومی و پلاندانانی گشتی و ئەندازیاری و بەڕێوبەری پێشووی ژمێریاری تیادایە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە فەرمانی بانگھێشتکردنەکە بەھۆی ئەنجامدانی سەرپێچییە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی کەلوپەلەکان لە دیوانی پارێزگاکەدا دەرکراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە فەرمانی بانگھێشتکردنەکە پشت بەستن بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوە بەھۆی سەرپێچییکردن لە گۆڕینی کەلوپەلی تەلاری نوێی پارێزگا و ھۆڵی پێشوازیکردن و گەیاندنی کارەبا.
پێشتر دەستەی دەسپاکی عێراق فەرمانی بانگھێشتکردن و قەدەغەی گەشتکردنی بۆ پارێزگار و بەڕێوبەری بنیاتنانی قوتابخانەکانی لە پارێزگاکەدا دەرکردبوو.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 23 فەرمانبەر دەرکراوە لەسەر کەیسی دروستکردنی قوتابخانە لەسەر شێوازی تەلاری ئامادەکراو لە پارێزگاکەدا.