چەند پلانێكی فلۆرەنتینۆ پێرێس ئاشكرا دەكرێن

27/04/2021 وەرزش

نەوا-
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكانی ئیسپانیا، فلۆرەنتینۆ پێرێس چەند پلانێكی بۆ وەرزی گواستنەوەی داهاتو بۆ بەهێزكردنی ریزەكانی یانەی ریاڵ مەدرید داناوە و مباپێ‌، هالاند، ئالابا و سەڵاح لە دیارترین ئامانجەكانن.
رۆژنامەی "سپۆرت"ی ئیسپانی بڵاویكردوەتەوە: ئێرلینگ هالاندی نەرویجی و دیڤید ئالابای نەمساوی لە پێشینەی كارەكانی پێرێسن لە وەرزی گواستنەوەی داهاتودا.
لای خۆیەوە "جۆسێپ پێدریرۆل" راگەیاندكاری دیاری ئیسپانی لە بەرمامەی "شیرینگیتۆ" ئاماژەی بەوەداوە: پێرێس بۆمبی پێ‌ دەبێت بۆ وەرزی داهاتو، زۆر دڵنیام كە هالاند یاخود كیلیان مباپێ‌ یەكیان لە ریاڵ مەدرید دەبن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان، پێرێس نیازی ئەوەیە كە ئەگەر شكستی هێنا لە گواستنەوەی هالاند یاخود مباپێ‌، ئەوا هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی محەمەد سەڵاحی میسری دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group