لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق سەردانی سنورەكانی بادینانیان كرد: بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە

09/06/2021 عێراق

نەوا-
محەمەد رەزا ئال حەیدەر ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەكاتی سەردانی سنورەكانی عێراق – توركیا پێشێلكارییەكانی توركیایان بینیوە و لەلایەن پەكەكەشەوە دەستدرێژی بۆ سەر پێشمەرگە هەیە و بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە.
محەمد رەزا ئال حەیدەر بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقییەی راگەیاندووە، وەك لیژنەكەیان سەردانی سنورەكانی عێراق – توركیایان كردووە و تا كۆتا خاڵ كە بتوانن چوون، پێشێلكارییەكانی توركیایان بینیوە لەناو خاكی عێراق، هەروەها چەند دەستدرێژییەكی پەكەكەش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە و پاسەوانی سنور هەبووە.
رونیشیكردووەتەوە، بارودۆخەكە زۆر مەترسیدارە و ئەو كەرتە پێویستی بە پاڵپشتی لۆجستی و هێزی نوێ هەیە، دەتوانرێت پلانی بەرپەرچدانەوەی توركیا و پەكەكەش دابڕێژرێت، لە كۆتا كردەوەدا پێشمەرگەیەكمان لەدەستدا بە گولـلەی توركیا یاخود پەكەكە، چونكە هەردولا لە ناوچەكەدا بونیان هەیە و دیار نییە كێ بووە.
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەشداوە، سەردانی چەند ناوچەیەكی تریش دەكەین و رێنماییەكان دەدەین فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق و لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بەرزی دەكەینەوە، لە سەردانەكەشدا وەفدێكی پەرلەمانی كوردستان و ئاسایش و هێزی ناوخۆ لەگەڵماندایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group