ناتۆ بە چەند قۆناغێک ئەرکەکانی لە عێراق زیاد دەکات

14/06/2021 عێراق

نەوا
لووتکەی ناتۆ لە برۆکسل کۆتاییهات و له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا له‌باره‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئێمە ئەرکی تایبەت بە راوێژدان، راهێنانکردن و بەرزکردنەوەی تواناکان زیاد دەکەین تاوەکو بتوانین لەو رێگەیەوە یارمەتی عێراق بدەین بۆئەوەی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی کاریگەرتر بن و گشتگیرتر بن.

 راگەیێندراوەکەی ناتۆ 79 خاڵی لەخۆگرتووە و له‌ خاڵی 20ـی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی لووتکەی ناتۆدا، كه‌ تایبەتە بە عێراق هاتووه‌، "ناتۆ لە رێگەی ئۆپەراسیۆن، ئەرک و چالاکییەکانیەوە وەک دابینکەرێکی سەرەکی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە. سوپاسی هاوبەشەکانمان بۆ بەشداریی کاریگەریان لەم هەوڵانەدا دەکەین. ناتۆ پاڵپشتی لە عێراق دەکات لە شەڕیدا دژی داعش و تیرۆریزم بە هەموو شێوەکانییەوە".
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی دەکەین بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. لەسەر بنچینەی داواکارییەکی حکومەتی عێراق، پاڵپشتییەکانمان بۆ عێراق لەرێگەی ئەرکی ناتۆوە لەو وڵاتە زیاد دەکەین. ئێمە ئەرکی تایبەت بە راوێژدان، راهێنانکردن و بەرزکردنەوەی تواناکان زیاد دەکەین تاوەکو بتوانین لەو رێگەیەوە یارمەتی عێراق بدەین بۆئەوەی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی کاریگەرتر بن و گشتگیرتر بن."
لە درێژەی ئەو خاڵەی راگەیه‌نراوەکەدا هاتووە، ئەو پاڵپشتیە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت. هەروەها ئەو هەنگاوە دەبێت رەزامەندی حکومەتی عێراقی لەسەر بێت و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە دەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group