كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران كشایەوە

16/06/2021 جیهان

نەوا-
كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، كە هەڵوێستەكانی لە ریفۆرمخوازانەوە نزیكبوو، لە كێبڕكێكە كشاوەتەوە.
لە كاتێكدا دوو رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، بە پێی میدیاكانی ئەو وڵاتە موحسین میهرعەلیزادە یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كشانەوەی خۆی لە پرۆسەكە راگەیاندووە.
عەلی تاجر نیا وتەبێژی نوسینگەی تیمی بانگەشەی میهرعەلیزادە هەواڵەكەی پشتڕاست كردوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو كاندیدەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران نامەی كشانەوە لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە.
موحسین میهرعەلیزادە و عەبدولناسر هیمەتی بە دوو لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران دادەنران، كە هەڵوێستەكانیان لە ریفۆرمخوازانەوە نزیكە، ئەمەش سەرباری ئەوەی بەرەی ریفۆرمخوازان رایگەیاندووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ كاندیدێكیان نییە.
بڕیارە رۆژی هەینی 18ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران بەڕێوەبچێت و بە كشانەوەی میهرعەلیزادە، شەش كەس كێبڕكێ لە سەر ئەو پۆستە دەكەن ئەوانیش هەر یەك لە ئیبراهیم رەئیسی، سەعید جەلیلی، موحسین رەزایی، عەلیرەزا زاكانی، ئەمیرحسێن قازیزادە و عەبدولناسر هیمەتین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group