لێكۆڵینەوەیەك: كۆرۆنای نوێ پێش دەركەوتنی لە چین لە وڵاتی دیكە هەبووە

16/06/2021 جیهان

نەوا-
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ، پێش ئەوەی دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی چین رابگەیەندرێت، لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەبووە، لانیكەم لە مانگی كانونی یەكەمی 2019.
بەپێی لێكۆڵینەوەكە، كە پەیمانگای ئەمریكی بۆ تەندروستی گشتی ئەنجامیداوە و لێكۆڵینەوە لە نمونەی خوێنی 2400 كەس كراوە، چەند هەفتەیەك پێش راگەیاندنی یەكەم توشبووی كۆرۆنا لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا توشبوو هەبووە لەو وڵاتە.
ئاماژە بەوەشكراوە، واتە لانیكەم كۆرۆنا لە مانگی كانونی یەكەمی 2019ەوە لە ئەمریكا هەبووە، ئەوەش هەمان ئەو كاتەیە كە بۆ یەكەمجار لە چین راگەیەندرا، لە لێكۆڵینەوەكاندا دژە تەن بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 9 كەسدا دۆزراوەتەوە، دژە تەنكانیش دروست نابن تا دوو هەفتە بەسەر توشبووندا تێنەپەڕێت.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بڵاویكردووەتەوە، نمونەكان دەریدەخەن كە چەند كەسێك لە ولایەتەكانی ئێلینۆی و ماساشوستس لە كۆتایەكانی مانگی كانونی یەكەم تووشی كۆرۆنا بوون، ئەو كەسانەش لە نیویۆرك و سیاتڵ نەبوون كە گوایە ڤایرۆسەكە لەو دوو شارەوە چووەتە ئەمریكا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group