كەس رامۆسی ناوێت و بێهیوا بووە

20/06/2021 وەرزش

نەوا-
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان سێرجیۆ رامۆس بەرگریكاری ئیسپانی و پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید، تووشی بێهیوایی بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بژاردەیەكی زۆر كەمی لەبەردەستدایە سەبارەت بە داهاتووی.
رۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، داهاتووی رامۆس رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و بژاردەكانی بەردەستی زۆر كەمن، لای خۆیەوە یانەی مانچستەر سیتی ئاشكرایكردووە كە گرنگی بە یاریزانە ئیسپانییەكە نادەن، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی پێكانەكانی بەتایبەتی لە وەرزی رابردوودا.
ئەوەش هاتووە، پیپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی مانچستەر سیتی متمانەی بە تواناكانی رامۆس هەیە، بەڵام گومانی لە توانای جەستەیی هەیە و پێی وایە ئەگەری هەیە نەتوانێت وەك پێویست بێت، هەروەها داواكارییە داراییەكانی رامۆس زۆرن.
رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، هەروەها یانەی ئیشبیلییە جەختیلەوەكردووەتەوە كە رامۆس بژاردەی ئەوان نییە لە وەرزی داهاتوودا، بەتایبەتی كە ساڵی 2005 یانەكەی بەرەو ریاڵ مەدرید جێهێشت دابەشبونێكی لەنێوان هاندەرانی ئیشبیلیە دروستكرد.
مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ جەختیلەوەشكردووەتەوە، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیش تائێستاش هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵ ئەو بەرگریكارە ئیسپانییە دەستپێ نەكردووە، یانەی چێڵسیش رەتیدەكاتەوە گرێبەست لەگەڵ بەرگریكارێكدا بكات كە تەمەنی هەبێت، بەتایبەتی كە ئێستا "تیاگۆ سیلڤا"ی بەڕازیلی هەیە كە هاوشێوەی رامۆس تەمەنی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group