شارەزایان: ئەم سەدەیە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرز دەبنەوە

05/07/2021 هەمەڕەنگ

نەوا

شارەزایانی بواری كەشناسی جیهانیی ئاشكرای دەكەن، بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، لەم سەدەیەدا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو بەرز دەبنەوە.
تۆڕی CNNی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە زۆرینەی ناوچەكانی جیهان پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەشێوەیەك زانایان پێیان وایە كەنەدا و چەندین ناوچەی تری نیوەی باكوری گۆی زەوی چیتر گونجاو نین بۆ ژیان.
لای خۆیەوە لیز بنتلی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمەڵەی شاهانەی كەشناسی لە بەریتانیا بە تۆڕەكەی وتووە، ئەو پەستانە باڵا گەورەیەی كە دەیبینین لە ئەنجامی تەوژمێكی هەوایی خێراوە دروست بووە كە لە بەرزاییەكاندا روودەدات، تەوژمەكە رێگە لە سیستمی كەشناسی دەگرێت كە لەسەر رێچكە سروشتییەكەی خۆی لە خۆرئاواوە بۆ خۆرهەڵات بجوڵێت، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بە شێوەیەك كە پێشتر رووینەداوە و ژمارە پێوانەییەكانی شكاندووە، نەك تەنها بە چەند پلەیەك بەڵكو بەتەواوەتی شكاندوویەتی.
لەلایەكی ترەوە نیكۆس كریستیدیس شارەزای كەشناشی لە نوسینگەی كەشناسی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر بەهۆی گۆڕانكاری ژینگەییەوە نەبێت كە مرۆڤ دروستی كردووە، بەرزبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما لە ئەمریكا و كەنەدا هەموو 10 هەزار ساڵ جارێك روودەدات، بەڵام لە ئێستادا هەموو 15 ساڵ جارێك روودەدات.
لە زۆرینەی ناوچەكانی جیهاندا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبوونەتەوە و لە كەنەدا گەیشتووەتە 49.5 پلە و تائێستاش دەیان كەس  گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی زۆریش ناوچەكانی خۆیان جێهێشتووە، لە چەندین ناوچەی ئەمریكاش بەمان شێوە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هاوڵاتیانی نیگەران كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group