زانایان هۆشداری لە كەم خەوی دەدەن

10/07/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
زانایانی ئەمریكی هۆشداری لە كەم خەوی شەوان دەدەن كە دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر تەندروستی جەستە و مێشك و جەختلەوەشدەكەنەوە، تەنانەت خەوی زۆر لە پشووەكاندا ناتوانێت قەرەبووی بكاتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێی زانایانی "كۆلێژی لێكۆڵینەوەكان لە پیربوون" لە زانكۆی "باشوری فلۆریدا" كە رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی كەم خەوییەوە جەستە و مێشك تووشی داڕمان دەبن، بەتایبەتی ئەگەر سێ‌ شەو لەسەر یەك ئەو دیاردەیە دووبارە ببێتەوە، توێژینەوەكە لەسەر 2 هەزار كەسی پێگەیشتوو كراوە و زۆرینەیان ئاماژەیان بەوەداوە، كە كێشەی توڕەیی و زوو هەڵچوون و بێهیوایی و تەنیاییان هەیە، ئەوەش بەهۆی كەم خەوییەوەیە.
شارەزایان دەڵێت، لەو نیشانانەی كە بەهۆی كەم خەوییەوە دروست دەبن، بریتین لە ئازاری جۆراو جۆر لە دەزگای هەرس و كێشە لە هەناسەداندا، پێویستە خەوتنی شەوانە لە 6 كاتژمێر كەمتر نەبێت و ئەوەش كەمترین ماوەیە كە پێویستە بۆ پشتگیری كردنی تەندروستی پێگەیشتووان.
لای خۆیەوە سۆمی لی یەكێك لە زانایانی توێژینەوەكە دەڵێت، زۆرینەمان پێمانوابوو لە پشووەكانی كۆتایی هەفتە دەتوانین قەرەبووی رۆژەكانی تر بكەینەوە، بەڵام دەبینین تەنها یەك شەو كەم خەوی كاریگەری لەسەر جەستە و مێشك دروست دەكات و دوای سێ‌ شەو كەم خەوی كێشەكانی جەستە و مێشك زیاد دەبن و دەگەنە لوتكە، هەروەها دوای 6 شەو بارودۆخی جەستە و مێشك لە خراپترین حاڵەتدا دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group