رۆحانی بۆ كازمی: سیاسەتەكانی ئەمریكا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی عێراق ناكەن

21/07/2021 عێراق

نەوا-
سەرۆك كۆماری ئێران لە پەیوندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوەردووە، كە ئەمریكا لە ژێر ناوی شەڕ لە دژی تیرۆر سیاسەتێكی دووفاقی پەیڕەو دەكات و خەریكی یارییەكی ئاڵۆزە لە ناوچەكەدا.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە لە پەیوەندییە تەلەفونیەكەیدا لەگەڵ كازمی باسی لەوەكردووە، ئەمریكا لە ژێر پەردەی شەڕ لە دژی تیرۆر یارییەكی ئاڵۆز دەكات و سیاسەتێكی دووفاقی گرتوەتە بەر و كردەوەكانی لەسەر سنوری سوریا و عێراق دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ناوچەكەیە.
باسی لەوەشكردووە، ئەو سیاسەتانەی ئەمریكا لە عێراق پەیڕەویان دەكات لە خزمەت بەرژەوەندییەكان و ئاسایش و سەقامگیری عێراقدا نیین و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
رۆحانی راشیگەیاندووە، ئێران دژی دەستوەردانی هێزە بیانیەكانە لە ناوچەكە و باوەڕی وایە كە كێشەكانی ناوچەكە دەبێت لە لایەن وڵاتانی ناوچەكەوە چارەسەر بكرێن.
وەك ئاژانسە ئێرانیەكە بڵاویكردوەتەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا كازمی سوپای حكومەتی تارانی كردووە بە هۆی هاوكاریەكانی بۆ حكومەت و گەلی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەی.
ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریكا بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستەش مستەفا كازمی هەفتەی داهاتوو سەردانی واشنتۆن دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group