ئاسایشی هەولێر: تەقە لە گەشتیاری عەرەب نەكراوە

22/07/2021

نەوا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رەتیدەكاتەوە، تەقە لە گەشتیاری عەرەب كرابێت و جەختلەوەدەكاتەوە كە ئەو رووداوی تەقەكردنەی روویداوە هیچ پەیوەندییەكی بە گەشتیارانەوە نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، سەبارەت بە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و گوایە رێگری لە هاتنی گەشتیارانی ناوەڕاست و خواروی عێراق كراوە، ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەكی بە گەشتیارانەوە نەبووە.
رونیشكراوەتەوە، رۆژی هەینی رابردوو مەفرەزەیەكی هێزەكانی ئاسایش لەسەر رێگای "كەركوك- هەولێر" بە مەبەستی دەستگیركردنی تاوانبارێكی هەڵاتوو ناچار بە تەقەكردن دەبن و ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەكی بە خوشك و برا گەشتیارانەوە نەبووە و هاتنی گروپە گەشتیارییەكان بۆ هەرێم بە بێ گرفت بەردەوامە.
ئاسایشی هەولێر هێمای بۆ ئەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە رووداوەكە بەردەوامە و هەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە، هێزەكانمان لە ئەركدان بۆ دابینكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group