گەنجێك بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی 3 هەزار خوێندكاری كچ دەستگیر كرا

22/07/2021 جیهان

نەوا
گەنجێكی ئەمریكی كە سەربە بزوتنەوەیەكی دژە ژنانە بەناوی "ئینسل" لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستگیر كرا، ئەوەش بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كوشتارگەیەك لەنێو كچانی زانكۆیەكدا.
وەزارەتی دادی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ بەناوی "تریس جینكۆ" كە سەربە بزوتنەوەی "ئینسل"ی دژە ژنانە، كە كورتكراوەی "سەڵت، بەبێ‌ خواستی خۆم"ە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە دەستگیر كراوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند پۆستێكی دژە ژنانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بڵاوكردووەتەوە و دوای دەستگیر كردنی دەست بەسەر چەند پارچە چەكێكدا گیراوە لە ماڵەكەیدا و دواتر دەركەوتووە پلانی ئەوەی هەبووە كوشتارگەیەك لەنێو بەشی مانەوەی كچانی خوێندكارانی زانكۆیەكدا ئەنجام بدات.
ئەوەش هاتووە، ئەو گەنج پێشتریش بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرستییەوە دەستگیر كراوە و لەلایەن دادگای "ئۆهایۆ"وە سزای 17 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، دوای ئەوەی ماوەی سزاكەی تەواو كردووە ئازاد كراوە، بەڵام زۆری نەبرد دەستگیر كراوەتەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، جینكۆ بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە كە ویستوویەتی ژنان سەربڕێت، ئەوەش بەهۆی "ئیرەیی و تۆڵەكردنەوە"، پێشتریش لە تۆڕی ئینتەرنێت بۆ شوێنی مانەوەی كچانی خوێندكاری زانكۆی ئۆهایۆ گەڕاوە و ئاماژەی بەوەشداوە، "ویستوویەتی بە بەهێزی لێیان بدات و لانیكەم 3 هەزار كچە خوێندكار بكوژێت".
بەپێی ئەو تۆمەتانەی لەسەریەتی، جینكۆ هەستاوە بە كڕینی 2 دەمانچە و ئامێری زیادكردنی تەقاندنی گولـلە و  چاكەتی گولـلەنەبڕ و بڕێكی زۆر گولـلە و ماسكێك لە شێوەی ئێسكەپەیكەر و درێسێكی تر كە وشەی "تۆڵەكردنەوە"ی لەسەر نوسراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group