زانایان كاتی كۆتایی هاتنی مرۆڤیان دیاری كرد

24/08/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
زانایانی زانكۆی "بادۆڤا"ی ئیتاڵیا ئاشكرایان كرد، ئەگەری هەیە لەماوەی 12 هەزار ساڵی تر پەتایەك دەربكەوێت، كە توانای لەناوبردنی سەرجەم مرۆڤایەتی هەیە.
زانایانی زانكۆی بادۆڤا لە توێژینەوەیەكدا بڵاویانكردووەتەوە، لێكۆڵینەوەیان لە ئەگەری دەركەوتنی پەتای كوشندەی وەك كۆرۆنا كردووە ئەویش لە رێگەی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لەماوەی 400 ساڵی رابردوودا.
رونیشكراوەتەوە، گەیشتوونەتە ئەوەی ئەگەری دەركەوتنی پەتا لە هەر ساڵێكدا 2%ە، هەروەها ئەگەری هەیە پەتایەكی هاوشێوەی كۆرۆنا لە ماوەی 59 ساڵی داهاتوودا دەربكەوێت، بۆ پێوانی قەبارە و ئەگەری روودانی پەتاكان پشت بە تەكنەلۆژیای نوێ بەستراوە و ژمارەیەك هۆكار وەرگیراون كە دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشیەكانی وەك "تاعون، ئاوڵە، كۆلێرا، تیفۆس و ڤایرۆسەكانی ئەنفلۆنزای نوێ".
بەپێی توێژینەوەكە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتایەكی كوشندەی هاوشێوەی "ئەنفلۆنزای ئیسپانی" كە كوشندەترین پەتا بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە نێوان ساڵانی 1918 بۆ 1920 كە بووە هۆی مردنی 30 ملیۆن كەس لە جیهاندا 0.3% بۆ 0.9%یە لە هەر ساڵێكدا، بەم پێیەش ئەگەری هەیە پەتایەكی هاوشێوە لەماوەی 400 ساڵی داهاتوودا دووبارە ببێتەوە، ئەگەریشی هەیە لەماوەی چەند دەیەی داهاتوودا پەتایەكی وەك كۆرۆنا 3 جار دووبارە ببێتەوە.
هەرچی سەبارەت بە ئەگەری روودانی پەتایەك كە توانای لەناوبردنی سەرجەم مرۆڤایەتی هەبێت هاتووە، ئەگەری هەیە لەماوەی 12 هەزار ساڵی داهاتوودا رووبدات، هەروەها روودانی پەتا واتای ئەوە نییە 59 ساڵی تر روودەدات یاخود 300 ساڵی تر، بەڵكو ئەگەری هەیە لە هەر ساڵێكدا رووبدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group