ئەنجامی راپرسییەک لە بارەی هەڵبژاردنی عێراقەوە دەخرێتەڕوو

13/09/2021 عێراق

نەوا
زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی راپرسییەک رایانگەیاندوە، بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناکەن و زۆرینەی بەشداربووانیش رازی نین لە رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی قۆناغەکانی هەڵبژاردن.

بە پێی راپرسییەکی سەنتەری کولوازیی عێراق 57٪ی بەشداربووانی رایانگەیاندووە، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ناکەن، لەرامبەردا 29٪یان رایانگەیاندووە لە پڕۆسەکە بەشداردەبن و 14٪ـەکەی دیکەشیان تائێستا خۆیان یەکلا نەکردوەتەوە و باسیان لەوەکردوە، کە لەوانەیە بەشداری بکەن.
هەر بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە 82٪ی بەشداربووان پێیان وایە بوونی چاودێری نێودەوڵەتی رێگریی لە ساختەکاری ناکات و 83٪ی بەشداربووانیش رازی نین لە رۆڵی چاودێری نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە قۆناغە جیاجیاکانی هەڵبژاردن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، کە 74٪ بەشداربووانی راپرسییەکە لەو بڕوایەدان جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەنگەکان نابێتە رێگر لەبەردەم ساختەکاری، هەر بۆیە زۆرینەی بەشداربووان پێیان باش بووە لە پاڵ جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی دەنگەکان بە دەستیش جیابکرێنەوە.
راپرسییەکە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراوە و پرسیار لە سێ هەزار و 600 کەس کراوە؛ دوو هەزار و 500 کەس لە رەگەزی نێر و ئەوانیتر لە رەگەزی مێ بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group