گەورەترین نەیزەك لە مێژوودا بەرەو زەوی دێت

02/10/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
زانایان ئاشكرایان كرد، نەیزەكێك بەرەو كۆمەڵەی خۆر و زەوی دێت و لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا لە زەوی نزیك دەبێتەوە، ئەوەش گەورەترین نەیزەكە تاوەكو ئێستا بینرابێت.
تۆڕی "بی بی سی" بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، نەیزەكێك بەرەو كۆمەڵەی خۆر و زەوی بەڕێوەیە كە پانییەكەی نزیكەی 150 كیلۆمەترە و 31 جار گەورەترە لەو نەیزەكانەی تائێستا لەلایەن زانایانەوە بینراوە، نەیزەكەكە بۆ یەكەمجار لەساڵی 2014 بینراوە و دوای 7 ساڵ زانایان توانیویانە بیناسنەوە، ناوی "برناردینیلی – برنشتاین"ی لێنراوە كە ناوی ئەو دوو زانایە ئاشكرایان كردووە.
 ئاماژە بەوەشكراوە، لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا نەیزەكەكە دەگاتە نزیكترین ئاستی لە زەوی.
لای خۆیەوە "گاری برنشتاین" یەكێك لەو زانایانەی نەیزەكەكەیان ئاشكرا كردووە باسی لەوەكردووە، لەوانەیە گەورەترین نەیزەك بێت تاوەكو ئێستا بینرابێت، یاخود بڵێین گەورەترین نەیزەكە تاوەكو ئێستا بەباشی لێكۆڵینەوەی لێ كرابێت، ئاشكرا كردنیشی لە كاتێكی زوودا دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك بتوانن بەردەوام ئاگاداری بن و بیبینن لە زەوی نزیك دەبێتەوە، ماوەی 3 ملیۆن ساڵە ئەو نەیزەكە نزیكی سیستمی خۆرمان نەبووەتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی گەردونناسی ئەمریكی ناسراو بە "ناسا" لە ئێستادا 3 هەزار و 743 نەیزەك لەلایەن زانایانەوە ناسراون، بەشێوەیەكی سروشتی قەباری نەیزەكێك 3 بۆ 4.5 كیلۆمەتر واتا بە هێندەی شارێكی بچوك دەبێت، بەڵام ئەم نەیزەكە بەشێوەیەك گەورەیە كە جێی بڕوا نییە و نزیكەی 150 كیلۆمەترە و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بەشێوەیەك نزیك دەبێتەوە كە زانایان بتوانن لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، هەروەها لە 21ی كانونی دووەمی 2031 دەگاتە نزیكترین خاڵی لە زەوی و یەك ملیار كیلۆمەتر لە خۆرەوە دوور دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group