زانایەكی چینی: ڤایرۆسێكی تر دەردەكەوێت

04/10/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
غاو فو سەرۆكی ناوەندی چینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان دەڵێت، جیهان دەركەوتنی ڤایرۆسێكی تر بەخۆیەوە دەبینێت و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بە چەند بنەمایەكەوە پابەندبن بۆ رووبەڕووبونەوەی.
غاو فو لە وتەیەكدا لە دیداری نێودەوڵەتی بۆ زانست و تەكنەلۆژیان لە كۆمەڵگەدا وتی، جیهان تەنها رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا نابێتەوە، بەڵكو رووبەڕووی چەندین جۆری تر كێشە دەبێتەوە وەك سەرلێشێوانی راگەیاندن، ئەویش كاتێك زانیاری و بەلاڕێدابردن تێكەڵ دەكرێن پڕوپاگەندە و كێشە دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە داهاتوودا جیهان رووبەڕووی ڤایرۆسێكی تر "ڤایرۆسی X" دەبێتەوە، كە تاوەكو ئێستا تایبەتمەندییەكانی نادیارن و لەوانەیە لە هەر ناوچەیەكی جیهان دەربكەوێت، لەپێناو داهاتووی مرۆڤایەتی پێویستە كاری جدی بكرێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان ئەویش لە رێگەی 4 بنەماوە، ئەوانیش "هاریكاری، ركابەری، پەیوەندی و هەماهەنگی".
ئەو زانا چینییە جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری بابەتی سەرەكییە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان، باسی لەوەشكرد، ئاڵوگۆڕی كراوەی زانیاری لەلایەنی چینەوە رێگەیدا بە زانایانی سەرجەم جیهان دەست بكەن بە گەشەپێدانی ڤاكسینەكانی دژە كۆرۆنا لە ماوەیەكی كورتدا دوای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group