بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت

13/10/2021

نەوا
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆیان دەزانن و لەگەڵ یەک دەمێننەوە، باسی لەوەشکرد، کە پێویستە رەخنە و گلەی خەڵک بەهەند وەربگرن و بیکەنە دەستمایەی سەرکەوتنی داهاتوویان.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری بزوتنەوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە: یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت  و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین. ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان.
هاوسەرۆکی یەکێتی راشیگەیاندوە: ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین.
هەر لەو دیدارەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و پرۆژەی ھاوبەشیشیان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.

لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقدا هیچ کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بە هۆی ئەو ئەنجامەشەوە بزوتنەوەکە داوای لێبوردنی لە لایەنگرانی کردووە وهەوڵەکانی بۆ خۆرێکخستنەوە دەستپێکردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group