فەتح: ئەگەر كۆمسیۆن تانەكان قبوڵ بكات ساختەكاریەكانی خۆی ئاشكرا دەبن

23/10/2021 عێراق

نەوا-
سەبارەت بە رەتكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەشواق كەریم ئەندامی هاوپەیمانی فەتح پێی وایە، بەدڵنیاییەوە رەتیان دەكاتەوە، چونكە قبوڵ كردنیان ساختەكارییەكانی كۆمسیۆنەكە ئاشكرا دەكات.
ئەشواق كەریم لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە كردووە، پرۆسەی ساختەكاری جێگیرە و بە بەڵگەوە هەیە كە كراوە، بە دڵنیاییەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تانەكانی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە، چونكە قبوڵ كردنی واتای ئاشكرا بوونی راستییەكانە و كۆمسیۆن ئاشكرا دەكات كە هاوكار بووە لە ساختەكاری لە ئەنجامەكان.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح دەشڵێت، قبوڵ كردنی تانەكان واتا پەنا بردن بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست، ئەوەش ئەنجامەكان ئاشكرا دەكات كە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە كە راگەیەندراوە.
پێشتر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە، 174 تانەی لە پرۆسەی دەنگدان رەتكردووەتەوە و حەوت تانەشی پەسندكردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group