مباپێ‌ سورە لەسەر روكردنە ریاڵ مەدرید و پاریس سانجێرمان رەتیدەكاتەوە

14/12/2021 وەرزش

نەوا-
بەرنامەی شیرینگیتۆی ئیسپانی ئاشكرای كرد، گرێبەستی كیلیان مباپێ‌ ئەستێرەی لاوی فەرەنسی 17 رۆژی تر كۆتایی دێت و یانەی پاریس سانجێرمان دەستی كردووەتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵی و رەتیدەكاتەوە دەستبەرداری بێت، یاریزانەكەش سورە لەسەر رووكردنە یانەی ریاڵ مەدرید.
بەرنامەی شیرینگیتۆ بڵاویكردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستی كیلیان مباپێ‌ لەگەڵ پاریس سانجێرمان چەند رۆژێكی ماوە، بەڵام یانەكە رەتیدەكاتەوە چۆك بۆ خواستەكانی ئەو یاریزانە دابدات.
ئەوەش هاتووە، بەرپرسانی یانە پاریسییەكە دوبارە دەستیان كردووەتەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ مباپێ‌ بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، بەڵام هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەو یاریزانە بە تەواوەتی خۆی یەكلایی كردووەتەوە و بێ‌ بەرامبەر روودەكات یانەی ریاڵ مەدرید.
پێشتریش مباپێ‌ بە میدیاكانی وتبوو، هاوینی رابردووش داوای كردووە كە رێگەی بدەن رووبكاتە ریاڵ مەدرید، بەڵام یانەكەی رەتیان كردووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە هەمان بەرنامە ئاماژەی بەوەداوە، كارلۆ ئەنشیلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید داوای لە ئیدارەی یانەكە كردووە كار بۆ گواستنەوەی "كۆرینتین تۆلیسۆ" یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی بایەرن میونخ بكەن، ئیدارەی یانەكەش پلانی ئەوەیان هەیە وەرزی داهاتوو ئەو یاریزانە بێبەرامبەر بگوازنەوە، چونكە لە گفتوگۆكانی یاریزانەكە و ئیدارەی بایەرن میونخ بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی هیچ بەرەو پێشچونێك نابینرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group