ژمارەی كوژراوانی روداوەكانی غوێران گەیشتنە 123 كەس

23/01/2022 جیهان

نەوا-
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەو كەسانەی لە رووداوەكەی غوێران لە پارێزگای حەسەكە كوژراون گەیشتوونەتە 123 كەس كە زۆرینەیان ئەندامی رێكخراوی داعشن و ژمارەیەك خەڵكی مەدەنیشیان تێدایە.
روانگەكە بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی ئەندامانی داعش لە رووداوەكانی غوێران گەیشتووەتە 77 كەس هەروەها ئەگەری هەیە زۆر زیاتریش بێت چونكە تاوەكو ئێستا زانیاری لەسەر دەیان زیندانی تر نییە و چارەنوسیان نادیارە، هەروەها ژمارەیەكی زۆریش بریندارن و بارودۆخیان خراپە.
رونیشكراوەتەوە، هەروەها 39 ئەندامی هێزەكانی ئاسایش و پاسەوانانی گرتوخانەكە و دژەتیرۆر و 7 هاوڵاتی مەدەنیش لەو رووداوانەدا كوژراون، بەوەش تاوەكو ئێستا كۆی گشتی كوژراوان 123 كەسن.
شەوی 20ی ئەم مانگە هێرش كرایە سەر زیندانی حەسەكە و دواتر پشێوی لەناو زیندانەكە دروست بوو و ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش هەڵاتن كە لە گرتووخانەكە زیندانی كرابوون، دواتر دەیانیان لێ كوژرا و دەیانی تریشیان دەستگیر كرانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group