كازمی: رێككەوتنی شنگال ئامانجی مانەوەو ئامادەبونی عیراقە

09/05/2022 عێراق

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێكی دانیشتوانی قەزای شنگال كردو دواگۆڕانكارییە ئەمنیەكانی لەگەڵدا تاوتوێكردون.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دیدارێكدا مستەفا كازمی گوێبیستی داواكارییەكانی دانیشتوانی شنگال بوەو رەوشی ئەمنی قەزاكەو ژیان و گوزەرانیان و ئەو هەڕەشەو بەربەستانەیان پێگەیاندوە كە روبەڕویان دەبێتەوە لەگەڵیشیدا داواكارییەكانیان بۆ بەرقەراركردنی سەقامیگری لەشنگال خستۆتەڕوو.
لای خۆیەوە كازمی داواكارییەكانی بە گرنگ زانیوەو رایگەیاندوە، سەقامیگری گرنگە بۆ ژیانی ئاسایی و چالاكیە ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان لەشنگال و لەهەمانكاتدا لەدەستدانی هەلە بە تیرۆریستان كە لەناوبردنیان لەپلانی حكومەتدایە.
كازمی راشیگەیاندوە، ئەو رێككەوتنەی پێشتر لەسەر شنگال كراوە ئامانجی مانەوەی دەوڵەتی عیراق و ئامادەبونێتی ئەمەش بەپشتیوانی دانیشتوانەكەی و ئەو پلانە ئەمنیانە دەبێت كە چارەسەری هەڵەكانی پێشو بكات.
هەروەها راشگەیەنراوە كە كازمی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردوە بەخێرایی رێوشوێنەكانی دامەزراندنی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بگرنەبەرو ژمارەیەك لە هاووڵاتی شنگال دابمەزرێنن لەناو ریزی هێزە ئەمنییەكان لەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی داهاتوودا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group