هەر رۆژێك زیاتر لە 2 هاووڵاتی عیراقی خۆیان كوشتوە

12/05/2022 عێراق

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەیی عیراق رایدەگەیەنێت، رۆژانە زیاتر لە دوو حاڵەتی خۆكوشتن لە عیراق تۆمار كراوە.
غالب عەتیە بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەیی رایگەیاندوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوەو لە چوار مانگی رابردودا زیاتر لە 200 حاڵەتی خۆكوشتنمان تۆمار كردوە، حاڵەتەكانیش لەنێوان تەمەنە جیاوازەكاندایەو بەزۆری لەناو هەرزەكاراندا تۆمار كراون كە هۆكاری جیاوازیان لەپشتەوە بوە.
عەتیە راشیگەیاندوە، دیارترین ئەو هۆكارانەی پاڵی بەوانەوە ناوە خۆیان بكوژن خراپی باری دارایی و بێكارییە دواتریش ئالودەبونە بە مادەی هۆشبەرو خراپ بەكارهێنانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی و توندوتیژی خێزانییە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆمەڵگەیی عیراق راشیگەیاندوە، هەندێك حاڵەتی خۆكوشتنی نامۆ و نا لۆژیكی هەن یەك لەو نمونانە خۆكوشتنی گەنجێك بوە بەهۆكاری ئەوەی خۆشەویستەكەی وازیلێهێناوە، هەندێك حاڵەتی تریش تۆمار كراون، بەڵام دوای توێكاری دەركەوتوە كوشتنەو پەیوەندی بە تاوانی شەرەفەوە هەبوە. بەپێی ئامارە فەرمییەكانی عیراق حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەساڵی رابردو گەیشتبوە 772 حاڵەت كە 100 حاڵەتیان لەساڵی 2020 زیاتر بوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group