كۆرۆنا لە كۆریای باكور بڵاودەبێتەوە و 21 كەسی تر گیانیان لەدەستدەدەن

14/05/2022 جیهان

نەوا-
ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆریای باكور دەستی كردووە بە بڵاوبوونەوە و ئاژانسی فەرمی ئەو وڵاتەش، تۆمار كردنی 21 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەو پەتایە راگەیاند، هەروەها رەتیدەكاتەوە ڤاكسین لە هیچ وڵاتێك وەربگرێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی كۆریای باكور بڵاویكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 174 هەزار توشبووی پەتای كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمار كراوە، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە راگەیاندنی یەكەم توشبوو.
رونیشكراوەتەوە، لەو ژمارەیەش 21 گیان لەدەستدانی تر تۆمار كراوە، بەڵام ئاژانسەكە كۆی گشتی گیان لەدەستدانی بەو پەتایە رانەگەیاندووە.
دوای زیاتر لە 2 ساڵ لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا، لە چەند رۆژی رابردوو كۆریای باكور كە 25 ملیۆن دانیشتوانی هەیە بۆ یەكەمجار تۆمار كردنی توشبووی راگەیاند، دەستبەجێ كیم جۆنگ ئون سەركردەی ئەو وڵاتە كەرەنتینەی گشتی راگەیاند، هەروەها هەریەكە لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی و چین و روسیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ڤاكسین بدەنە ئەو وڵاتە، بەڵام دەسەڵاتدارانی كۆریای باكور رەتیان كردووەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group