ئەم هەفتەیە چەند كۆبونەوەیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت

14/05/2022

بڕیارە ئەم هەفتەیە چەند كۆبونەوەیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت، فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆدەبنەوەو دواتر لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبونەوە دەكرێت.
خەدیجە عومەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان دەستیپێكردوە بڕیارە ئەم هەفتەیە هەندێك كۆبونەوە بكرێت، لە هەنگاوی یەكەمدا سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆدەبنەوەو دواتر كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی دەرچەیەك هەبێت پەرلەمان دەست بە كۆبونەوەكانی بكاتەوە.
خەدیجە عومەر راشیگەیاندوە: پارتی هیچ مەرجێكی نیە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان و تەنها مەبەستی بۆ دەستپێكردنەوە ئەوەیە پەرلەمان وەك دەزگایەكی گرنگ پەك نەخرێت و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، دەبێت لەڕێگەی دانوستان و لێكتێگەیشتنەوە پەرلەمان كۆبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group