دادگای فیدراڵی مەشعان ئەلجبوری لە ئەندامێتی نوێنەران دورخستەوە

16/05/2022 عێراق

بەهۆكاری ساختەكردنی بڕوانامە، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دورخستەوەو شوێنگەرەوەی بۆ دیاریكرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر داوای قوتەیبە ئەلجبوری ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریدا بە دورخستنەوەی مەشعان ئەلجبوری ئەندامی خولی پێنجەم بەهۆكاری ساختەكردنی بڕوانامەكەی.
هەر بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان، لەشوێنی مەشعان ئەلجبوری میقدام ئەلجومەیلی وەك ئەندامی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران دەستبەكار دەبێت.
پێشتر هەواڵی ساختەكردنی بڕوانامەی مەشعان ئەلجبوری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوەو ناوبراویش لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە كە ئەو هەواڵانە دورن لە راستیەوە تەنها بۆ بەلاڕێدا بردن و  ناوزڕاندنینی، هەروەها ئەم دورخستنەوەیە لە كاتێكدایە كە پێش دەستپێكردنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستەی نەزاهەو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دەبێت مەرجەكانی بوون بە ئەندام پەسەند بكەن ئەوكات ناوەكانیان رادەگەیەنرێت و ناوبراو بەو وردبینییەشدا تێپەڕیوەو بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی كردوە، بەمەش لیژنەكانی تایبەت بە وردبینیكردنی ناوی پەرلەمانتاران دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group