خۆڵبارین هەنگوین كەمدەكاتەوە

23/05/2022 هەمەڕەنگ

ئەندامێكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی عیراق دەڵێت: خۆڵبارین كاریگەریی دەكاتە سەر لەناوبردنی بەرهەمی هەنگوین.
مەنسور ئەلمەجمەعی ئەندامی كۆمەڵەی هەنگەوانانی پارێزگای دیالە رایگەیاندوە، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی چەندیجارە لە پارێزگاكەیان دوبارە دەبێتەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین دەبێت، چونكە خۆڵبارینەكە مادە بنەڕەتییەكانی گوڵ كە هەنگ پێویستی پێیەتی بۆ دروستكردنی هەنگوین لەناوی دەبات.
ئەلمەجمەعی دەشڵێت: ئەو شەپۆلە خۆڵبارینانە دەبێتە هۆكاری لەناوبردنی 25%ی بەرهەمی هەنگوین و رەنگە هۆكارێكیش بێت بۆ كەمبونەوەی هەنگ لە پارێزگای دیالە ئەگەر بێتو بەردەوام دوبارەبێتەوەو رانەوەستێت، لەهەمانكاتدا ژیانكردنی هەنگ لەژێر ئەم جۆرە گەردەلولانەدا قورسە.
ئەو هەنگەوانە باسی لەوشكردوە، ئەم گەردەلولە چوارەمین فاكتەرە بۆ كەمبونەوەی بازرگانی هەنگوین دوای وشكەساڵی و لەناوچونی پشتێنەی سەوزایی و بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوین بە بەراورد بەساڵی رابردوو كەمتر بێت.
جێی ئاماژەیە بەرهەمی هەنگوین لە پارێزگای دیالە یەكێكە لە كەرتە ئابورییە گرنگی پێدراوەكان و بژێوی ژیانی چەندین خێزانی لەسەرە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group