یاسای قەدەغەكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند كرا

26/05/2022 عێراق

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند كرد.
لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا لەپاش خوێندنەوەی مادەو بڕگەكانی بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو یاساكە پەسەند كراو ناوی یاساكە لە بەتاوانناساندنەوە گۆڕدرا بۆ قەدەغەكردن.
بەپێی یاساكە قەدەغەكردنی پەیوەندی جگە لە عیراقییەكان ئەو بیانیانەش دەگرێتەوە كە لەعیراقدا نیشتەجێن جگە لەوە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمپانیا بازرگانی و دامەزراوەو وەبەرهێنەرە بیانییەكانیش دەگرێتەوە.
هەر بەپێی ئەو یاسایە لەهەر وڵاتێكی جیهان سەردانكردنی باڵیۆزخانەو دامەزراوەكانی ئیسرائیل و هەموو جۆرە پەیوەندییەكی گەیاندن و كلتوری و هونەریی قەدەغە كراوە، هەر كەسێك سەردانی ئەو وڵاتەو باڵیۆزخانەكانی بكات لە جیهاندا سزادەدرێت بە زیندانی هەتاهەتایی یاخود كاتی كە زیاتر نییە لە 15 ساڵ، هەروەها سزای لە سێدارەدان یاخود هەتاهەتایی بۆ ئەوانەیە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەبەستن پەیوەندییەكە لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمننی هەر جۆرە پەیوەندیەكی تربێ.
 هەر بەو بۆنەیەشەوە موقتەدا سەدر سەرۆك رەوتی سەدر داوای لە هاووڵاتیانی عیراق كردوە دوو ركاعەت نوێژی شوكرانە بكەن و بڕژێنە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی بەبۆنەی پەسەندكردنی یاساكەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group