منداڵانی ئاوارە بەرزترین ژمارەیان لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تۆمار كرد

18/06/2022 جیهان

نەوا
رێكخراوی یونسێفی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردەوە، ژمارەی منداڵانی ئاوارە لە جیهاندا 36 ملیۆن منداڵی تێپەڕاندووە، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تۆمار كرابێت.
بەهۆی رۆژی جیهانی پەنابەران رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كێشمەكێك و توندوتیژی و قەیرانەكانی تر لە جیهاندا بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی 36 ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە جیهاندا، ئەوەش تاوەكو كۆتایی ساڵی 2021 و ئەو ئامارەش بەرزترینە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، لەو ژمارەیە 13 ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە وڵاتانی ترن یاخود داوای مافی پەنابەریان كردووە، هەروەها 22 ملیۆن و 800 هەزار منداڵ بەهۆی كێشمەكێش و توندوتیژییەوە لەناوخۆی وڵاتەكانیان ئاوارەن.
یونسێف جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئامارەكە ئەو منداڵانە ناگرێتەوە كە بەهۆی كارەساتە ژینگەییەكانەوە ئاوارە بوون، هەروەها ئەوانەشی تێدا نییە لە چەند مانگی رابردودا ئاوارە بوون، لەوانەش منداڵانی ئۆكرانیا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group