"كەسانێك هەن لەپێناو بەردەوامی گەندەڵی دەیانەوێت كەمپی ئاوارەكان بمێنێت"

20/06/2022 عێراق

پەرلەمانتارێكی عیراق دەڵێت: ئاوارەكان بۆیە ناگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان حكومەتی عیراقی قەرەبویان ناكاتەوەو بەشێكیش سودمەندن لە بەردەوامبونی كەمپەكان.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، سەردانی كەمپی ئاوارەكانی ئاشتی ناحیەی عەربەتی كردوە، ئەو ئاوارانە زۆرینە خەڵكی سەڵاحەدینن و تاكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەئێستادا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران مانگانە سەبەتەی خۆراك و سەبەتەی پێداویستی پاككردنەوەیان پێدەدات كە تێبینی لەسەر جۆری خۆراكەكان زۆرە.
ئاماژەشیكردوە، ئەو كەمپە لەلایەن چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆییەوە هاوكاری دەكرێت، هەرچەندە كۆمەكی مادی و مەعنەوی رێكخراوەكان كەمیكردوەو بەرەو نەمان دەچێت، چونكە بەهانە كەم ماوە بۆئەوەی ئاوارە لەو كەمپانەدا بمێنێتەوە، پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە تاكو بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و ئەوەشی كێشەی نیشتەجێبون و ئەمنی هەیە حكومەت بۆی چارەسەر بكات. 
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عیراق دەشڵێت: هەرچەندە تاكو ئێستا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بڕی 600 ملیار دینار قەرزاری قەرەبوكردنەوەی خێزانە ئاوارە گەڕاوەكانە كە 147 كەمپیان چۆڵكردوەو بەیەكجاری داخراون، كەسانێكیش لەپێناو بەردەوامی گەندەڵی دەیانەوێ كەمپی ئاوارەكان هەر بمێنێت. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group