پۆڵەندا پەنابەرانی عیراقی بە نهێنی كۆمەڵكوژ كردووە

22/06/2022 عێراق

نەوا
لیژنەی لێكۆڵینەوەی بیلاڕوسیا بەڵگە و زانیاری داوەتە وەفدی عیراقی، لەسەر ئەوەی كە سەربازانی پۆڵەندی بە نهێنی پەنابەرە عیراقییەكانیان لەسەر سنور كۆمەڵكوژ كردووە.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە پێگەی ئەلكترۆنی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بیلاڕوسیا بڵاوكراوەتەوە، لەگەڵ وەفدی عیراقی كۆبوونەتەوە و كارمەندانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەربە وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ئاسایشی سنورەكان و ناوەندی مافەكانی مرۆڤ ئامادە بوون.
رونیشكراوەتەوە، زانیاری دراوەتە لایەنی عیراقی كە تایبەت بە لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەو سەربازە پۆڵەندییەی كە پەنای بۆ بیلاڕوسیا بردووە، ئەویش دەربارەی كوشتنی بەكۆمەڵ و ناشتنی بەنهێنی ئەو پەنابەرانەی لەلایەن سەربازانی پۆڵەنداوە لەسەر سنورەكان كۆمەڵكوژ كراون.
لیژنە بیلاڕوسیەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، هەروەها زانیاری لەسەر كارە نایاساییەكانی پۆڵەندا سەبارەت بە ناردنەوە و توندوتیژی و ئەشكەنجە و كەمتەرخەمی لە پێشكەشكردنی هاوكاری كە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پەنابەران رادەستی لیژنە عیراقیەكە كراوە، ئەو تاوانانەش لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی و نەتەوەیی و ئایین كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group