خواردنی برنج لە عیراق رووی لە هەڵكشانە

26/06/2022 عێراق

نەوا-
رێكخراوی فاو ئاشكرای كردووە، خواردنی برنج لە عیراق زیادی كردووە و پێشبینی دەكەن لەمساڵدا یەك ملیۆن و 800 هەزار تۆن برنج هاوردەی عیراق بكرێت.
رێكخراوەكە بڵاویكردووەتەوە، پێشبینی ئەوە دەكەن هاوردە كردنی برنج لە ساڵی 2022دا لە عیراق بگاتە یەك ملیۆن و 800 هەزار تۆن، ئەوەش لەكاتێكدایە لەساڵی 2020دا بڕی 900 هەزار تۆن هاوردە كراوە و لەساڵی 2021یشدا بڕی یەك ملیۆن و 100 هەزار تۆن بووە.
فاو لە بەشێكی تری بڵاوكراوەكەیدا ئەوەی رونكردووەتەوە، ناتوانرێت بزانرێت چەند برنج لە عیراق بەرهەم دەهێنرێت چونكە داتای تەواویان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەم ساڵانی 2020 و 2021دا بڕی 300 هەزار تۆن بەرهەمهێنراوە.
بەپێی داتاكانی هەمان رێكخراو، بەو پێیەش تێكڕای بەكارهێنانی برنج بۆ هەر تاكێكی عیراقی لەمساڵدا 37 كیلۆگرام دەبێت، لەكاتێكدا لەساڵانی پێشتر كەمتر بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group