ئەنجومەنی وەزیران: بەغدا بەنادەستوریی بەشە بودجەی هەرێمی راگرتوە

06/07/2022

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كۆبۆوەو لە راگەیەنراوێكدا دوپاتكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك ملكەچی هیچ فشارو هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵی نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات.
لەپاش كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەنراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بڵاوكراوەتەوەو لەبەشێكیدا هاتوە،  سەبارەت بە بەرەوپێشچون و رێوشوێنی داخستنی شوێنەكانی فرۆشتنی چەك و دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ راپۆرتێكی پێشكەشكردوەو سەرۆك وەزیران جەختیكردۆتەوە كە دەبێ بە هەمو شێوەیەك روبەڕوی تاوانكاران ببنەوەو كۆتایی بە دیاردەی چەكهەڵگرتن لە دەرەوەی یاساو بەبێ مۆڵەت بهێنن بۆئەوەی سنورێك بۆ تاوانكاری و توندوتیژی دابنرێت.
هەر لەوكۆبونەوەیەدا رەشنوسی پڕۆژە یاسای نوێی كار گفتوگۆی لەبارەوە كراوەو ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ پرۆژە یاساكەی  پەسەند كردوەو ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ دەرچواندنی.
هەروەها راشگەیەنراوە كە لەكۆبونەوەكەدا پوختەی راپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەكان خراوەتەڕو ئاشكراكراوە كە لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی ڕابردودا تا دەگات بەئێستا بڕی زیاتر لەملیارو نیوێك دۆلار لە قەرزە كۆنەكان دراونەتەوەو حكومەت پارەشی بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن و پێشینەی پڕۆژەكانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرجكردوەو هیچ جۆرە قەرزێكی نوێش نەكراوە.
پاشان هەنگاوە دەستوری و دادوەریی و یاساییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر گوشاری وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدرال خراوەتەڕوو ئاماژە بەوە دراوە كە حكومەتی فیدراڵ بە نادەستوریی بڕیاری راگرتنی خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە لە هەمانكاتدا گوشاری ناڕەواش دەكات تا رێگربێت لەو داهاتەی كە هەرێم خۆی دەستی دەكەوێ لە داهاتی نەوتی و ناوخۆیی خۆی كە هیچ ئەركێكی دارایی لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی دروست نەكردوە، ئەنجومەنی وەزیران دوپاتیكردۆتەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ماف و شایستە دەستورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نابێت و بەهەموو رێگەیەكیش داكۆكی لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ملكەچی هیچ فشارو هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵی نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group