خۆراك هەرزان بوەو كۆگاكانی هەرێمیش پڕبون

06/08/2022

وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، نرخی كەلوپەلی خۆراك بەرەو هەرزانبونەو كۆگاكانیش پڕبون لە خۆراك.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: لەمەودوا ئاردو گەنم و خۆراك هەرزان دەبێت، بەهۆی رێككەوتنی نێوان روسیاو ئۆكرانیا كە ئەوە كاریگەری لەسەر نرخەكان هەبوەو هێوربونەوەی دۆخەكەش كاریگەری هەبوە، ئەو مادە خۆراكیانەی مانگانەش دەدرێت ئێستا بەردەوام دابەشدەكرێت و تائێستا شەش وەجبە دابەشكراون و بەشێكی وەجبەی حەوتەمیش هاتوە ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی كەلوپەل لە بازاڕ هەیە.
كەمال موسلیم ئاماژەشیكردوە: هەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر كەلوپەلی خۆراك كاریگەری هەبوەو رێگەی گرت لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراك و تا مانگی نۆ بەردەوام دەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حكومەت بڕیاری لێدەدات.
باسی لەوەشكردوە: نرخی كەلوپەل هەرزان بوەو تائێستاش كۆگاكانی ئێمە لە هەموو شارەكان هێندە پڕبوە كە شوێنمان نەماوە بۆ خۆراك، بۆیە خۆراكێكی زۆر هاتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group