نەوا-
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق رایگەیاند، هێزەكانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیان بەسەر نزیكەی 36 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویكردوەتەوە، تیمەكانی ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوە فیدراڵییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە كاتی هەوڵی هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو خاكی عیراق لە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە دەستیان بەسەر بڕی 35 كیلۆ و 900 گرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
هێمای بۆ ئەوەشكردووە، ماددە هۆشبەرەكە لە جۆری تریاكە و لە ناو بۆڕی ئەلەمنیۆم و لە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگردا شاردراوەتەوە.
هەر لە بڵاوكراوەكەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراقدا رونیشكراوەتەوە، لە ئێستادا شۆفێری بارهەڵگرەكە دەستبەسەركراوە، بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.