سودانی: دۆسیەی نەوتی هەرێم دادگای فیدراڵی یەكلاییكردۆتەوە

20/09/2022 عێراق

كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عیراق دەڵێت: دۆسیەی نەوت و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد دادگای باڵای فیدراڵی یەكلاییكردۆتەوە.
محەمەد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوی عیراق لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبۆتەوە.
لەبارەی كۆبونەوەكەوە سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردۆتەوە، سودانی باسی لە ئەولەویەتی بەرنامەی حكومەتی داهاتو كرد كە چوار بابەتە ئەوانیش خزمەتگوزاری و تەندروستی و كارەباو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵین، ئەوەش بە كاتی دیاریكراو هەوڵی جێبەجێكردنی بەرنامە حكومیەكەی دەدات، هەروەها باسی لەگرفتی ئاو و مەسەلەی نەوت و بێكاری و پرۆژەكان و پیشەسازی و وەبەرهێنان كردوە.
سۆران عومەر بڵاویشیكردۆتەوە كە دەربارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سودانی وتویەتی: كێشەی نەوت بڕیاری دادگای فیدراڵی یەكلایی كردۆتەوەو دەبێ جێبەجێ بكرێت، چارەسەرەكەشی لەیاسای نەوت و غازی عیراق دەكرێ كە پێویستە لەزوترین كات یاساكە دەربچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group