بەرشەلۆنە پلانی گەڕانەوەی مێسی دادەنێت

25/09/2022 وەرزش

نەوا-
رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووە، یانەی بەرشەلۆنە پلانی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بۆ ریزەكانی دادەنێت و گەورەترین بەربەستیش خراپی پەیوەندییەكانی مێسییە لەگەڵ سەرۆكی یانەكە.
رۆژنامەی "ماركا" بڵاویكردووەتەوە، بەرشەلۆنە سەرقاڵی دانانی پلانێكە بۆ گەڕانەوەی مێسی بۆ ریزەكانی و چەندین بژاردەی تاووتوێ كردووە.
ئەوەش هاتووە، بەڵام بەربەستێكی گەورە لەبەردەم ئەو كارەدا هەیە، ئەویش خراپی پەیوەندییەكانی مێسییە لەگەڵ "خوان لاپۆرتا" سەرۆكی یانەكە، ئەوەش لەكاتی رۆشتنی ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە بۆ یانەی پاریس سانجێرمان دروست بوو، پێشتریش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە لاپۆرتا پەیوەندی بە مێسییەوە كردووە و پەیوەندییەكان ئاسایی بوونەتەوە، بەڵام هەندێكی تر رەتیان كردووەتەوە پەیوەندی لەو جۆرە هەبووبێت.
ماركا پێشبینی ئەوەش دەكات، لەكاتی گەڕانەوەی ئاهەنگێكی رێزلێنان بۆ مێسی رێكبخرێت، هەروەها دەكرێت بە باڵیۆزی یانەكە و پێشنیازی پۆستی راوێژكار یاخود سكرتێری هونەری بۆ دەكرێت، بەڵام پێشبینی ئەوەش دەكات گەڕانەوەكە پارەیەكی زۆر لەسەر بەرشەلۆنە بكەوێت بەهۆی داواكارییەكانی مێسییەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group