وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستیپێكرد

02/10/2022

نەوا-
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخانی راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە تیمەكانیان دەستیانكردوە بەكاركردن لەپڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان، دوای ئەوەی پێشتر وەزارەتی دارایی رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دینار بۆ پرۆژەی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. 
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاماژەشیكردوە، دوای ئەوەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان نوسراویان ئاڕاستەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كرد بۆ كاركردن لە نۆژەنكردنەوەی تونێلەكە، وەك وەزارەت وەڵامیان درایەوە كە ئەگەر جدین با بچن كارەكە بكەن و ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبون و نەهاتنە پێشەوەو كارەكەیان نەكردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون، تەنها نمایش و بانگەشەیەكی راگەیاندنیان بەڕێوەبرد. 
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وتوشیەتی: بەردەوامن لەهەوڵەكانیان بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەكان و لەو چوارچێوەیەشدا بایەخی گرنگی بەسنوری دەربەندیخان و گەرمیان داوە.
پێشتر شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو كە ئەگەر حكومەت رەزامەندی بدات ئەوا تونێلەكە نۆژەندەكەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group