كینییەك پلەی یەكەمی ماراسۆنی ئیستانبوڵی بەدەستهێنا

06/11/2022 وەرزش

نەوا-
هاووڵاتیەكی كینی توانی لەماراسۆنی ئیستانبوڵدا سەركەوتن بە پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت و نزیكبێتەوە لە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی.
رۆبێرت كیبكیمبوی بەشداری لە 44 هەمین ماراسۆنی ئیستانبوڵدا كردو توانی یەكەمی كێبڕكێكە بەدەستبهێنێت.
كیبكیمبۆی لەماوەی دوو كاتژمێرو 10 خولەك و 18 چركەدا ماوەی 42 كیلۆمەتری بڕی، بەمەش نزیكبۆوە لە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی ماراسۆنی پێشتری ئیستانبوڵ كە دوو كاتژمێرو 9 خولەك و 37 چركە تۆمار كراوە بەناوی یاریزان دیێڵ كیبكۆرییەوە.
هەر لەو ماراسۆنەدا پلەی دوەم ماریۆس كیمۆتای بەحرەینی بەدەستیهێنا كە بە 2 كاتژمێرو 10 خولەك و 27 چركە توانی ئەو ماوەیە ببڕێت كە لەبەشی ئاسیای ئیستانبوڵەوە بۆ بەشی ئەوروپا دەستپێكرد.
ماراسۆنی ئیستانبوڵ بڕینی سێ جۆر ماوەی لەخۆگرتبوو، 42 كیلۆمەترو نیوەی ماراسۆن بە 15 كیلۆمەترو ماراسۆنی میللـی بە 8 كیلۆمەتر، لەو پێشبڕكێیەدا نزیكەی 60 هەزار پێشبڕكێكار لەچەندین وڵات بەشداریان تیادا كردوە كە لەنێوانیاندا 56 پێشبڕكێكاری دەستەبژێری جیهانی تیادا بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group