ئەو ئێرانییەی 18 ساڵ لە فڕۆكەخانەیەكی فەرەنسادا گیری خوارد كۆچی دوایی كرد

13/11/2022 هەمەڕەنگ

نەوا
میهران ناسری ئەو پیاوە ئێرانییە ماوەی 18 ساڵ و لە ساڵی 1988ەوە تاوەكو 2006 لەناو فڕۆكەخانەیەكی پاریسی پایتەختی فەرەنسا ژیا و چیرۆكەكەی كرا بە فیلم و "تۆم هانكس" رۆڵەكەی دەگێڕا، كۆچی دوایی كرد.
میهران لەساڵی 1945 لە پارێزگای "خوزستان" لە ئێران لەدایكبووە و یەكەم گەشتی بۆ ئەوروپا بۆ گەڕان بووە بەدوای دایكیدا، چەند ساڵێك لە بەلجیكا ماوەتەوە و دواتر چووەتە وڵاتەكانی بەریتانیا، هۆڵەندا و ئەڵمانیا بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەوە لەو وڵاتانە دەركراوە، دواتر چووەتە فەرەنسا بەڵام بەهەمان شێوە بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەنامەیەكەوە رێگەی پێنەدرا بچێتە خاكی ئەو وڵاتە و فڕۆكەخانە جێبهێڵێت.
ئەو پیاوە ئێرنییە بە ناچاری وێستگەی ژماری F2ی ناو فڕۆكەخانەی "شارڵ دیگۆڵ" لە شاری پاریس دەكاتە شوێنی مانەوەی و لەسەر كورسیەكی فڕۆكەخانەكە دەژی و زۆربەی كاتەكانی بە نوسینەوەی بەسەرهاتەكانی ژیانی و خوێندنەوەی كتێب و رۆژنامەكانەوە بەسەر دەبرد.
میهران لەساڵی 1988ەوە تاوەكو ساڵی 2006 لەو فڕۆكەخانەیە مایەوە، چیرۆكەكەی بووە جێگەی سەرنجی دەرهێنەرێكی سینەمایی و لەساڵی 2004 فیلمی "The Terminal"ی لەسەر دەرهێنرا كە "تۆم هانكس" رۆڵی تێدە دەگێڕا، داوتریش بەشێكی داهاتی فیلمەكە درا بە میهران و بەهۆی ئەوەشەوە ناوبانگی رۆیشت و دەیان و سەدان رۆژنامە و گۆڤار و میدیا سەرەیان گرت بۆ چاوپێكەوتنی.
ئەو پەنابەرە ئێرانییە لەساڵی 1999 مافی پەنابەری لەفەرەنسا وەرگرت، بەڵام فڕۆكەخانەی جێنەهێشت و تاوەكو ساڵی 2006 مایەوە، لەو ساڵەدا نەخۆش دەكەوێت و دەبرێتە نەخۆشخانە و دواتر دەبرێتە خانوویەكەوە و لەوێ‌ بەو پارەیەی لە داهاتی فیلمەكەی تۆم هانكس وەریگرت دەژیا، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی فڕۆكەخانەی "شارڵ دیگۆڵ"، میهرانی پێش چەند هەفەیەك گەڕاوەتەوە فڕۆكەخانەكە و لەوێ‌ ژیاوە، بەڵام لەوێ بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی 77 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و چەند هەزار یۆرۆیەكی لەدوای خۆی جێهێشتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group