مانگانە 20 خێزانی مەسیحی عیراق جێدەهێڵن

21/11/2022 عێراق

نەوا
لویس رۆفائیل ساكۆ سەرۆكی كڵێسەی كلدانی لە عیراق و جیهان ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەو سوكایەتی و پەراوێزخستنەی بەرامبەر مەسیحیەكان دەكرێت، مانگانە  20 خێزانی مەسیحی عیراق جێدەهێڵن.
ساكۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، نیوەی مەسیحییەكان عیراقیان جێهێشتووە و ئەوانەشی ماونەتەوە لە لیستی چاوەڕوانیدان، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیری و نەبوونی هەلی یەكسان و دادپەروەیی و یاسا، بەبێ‌ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە ئەوان لە دانیشتوان و هاوڵاتی رەسەنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، مەسیحییەكان لە نائومێدیدا دەژین بەهۆی یاسای باری كەسێتی عیراقی كە نادادپەروەرانەیە، هەروەها لە دامەزراوە و پۆستە گشتییەكاندا زوڵمیان بەرامبەر دەكرێت، هەروەها هیچ پابەندبوونێك نییە بە یاسای قەرەبووكردنەوەی كارمەندی مەسیحی بەهۆی ئەو تاییفیەت و زەوتكردنەی رووبەڕویان بووەتەوە.
لویس ساكۆ لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت، هەر مانگێك 20 خێزانی مەسیحی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی عیراق، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاژاوە و جیاكارییەی هەیە، كێ مەسیحییەكان دەپارێزێت ئەگەر دەوڵەت نەبێت؟ ئەو پێشێلكاریانەی دەكرێن ئازار بەخشن و كاریگەریان لەسەر ناو و ناوبانگی عیراق دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group