پۆلەتیكۆ: تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ بیانوویەكی باش بوو بۆ ئەردۆغان

23/11/2022 جیهان

نەوا - 
رۆژنامەی  "پۆلەتیكۆ"ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، تەقینەوەی ئیستەنبوڵ بیانووی داوەتە دەست رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، تاوەكو زیاتر دەستوەرداتە ناوخۆی سوریا، ئەمریكا و روسیاش ناتوانن دەستوەردانەكانی توركیا بوستێنن.
پۆلەتیكۆ لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، بەپێی وتەی شارەزایان هێرشەكەی ئیستەنبوڵ كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 6 كەس بیانوویەك بوو بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوەكو هێرش بۆ سەر هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێ بكات، ئەوەش ئەوەیە كە هەمیشە ئەردۆغان ویستوویەتی.
هاوارد ئایزنستات شیكەرەوە لە "پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" وتویەتی، توركیا جدییە لەسەر هێرش كردن بۆ سەر خاكی سوریا، ئەوەش لەبەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەردۆغان و دەركەوتن بە بەهێزی پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا كە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
پێشی وایە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و روسیاش لە ئێستادا دەتوانن پرۆسە سەربازییەكەی توركیا سنوردار بكەن، بەڵام ناتوانن بە تەواوەتی بیوەستێنن، هەردوو وڵاتیش نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە هێرشەكانی ئەنقەرە.
سەبارەت بە نیگەرانییەكانی ئەمریكا و روسیا راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، روسیا پشتگیری رژێمی ئەسەد دەكات لەكاتێكدا توركیا پشتگیری ئەو گروپانە دەكات كە دەیانەوێت ئەسەد بڕوخێنن، هەروەها 900 سەربازی ئەمریكی لە سوریان بۆ هاوكاری و راهێنان بە هێزەكانی هەسەدە، واشنتن بە توندی دژی پرۆسە سەربازییەكە ناوەستێت، چونكە دەیەوێت ئەنقەرە رازی بكات تاوكو سوید و فینلەندا پەیوەندی بە "ناتۆ"وە بكەن، هەروەها روسیا بەرژەوەندی گەورەی ئابوریی لەگەڵ توركیا هەیە بەتایبەتی لە كەرتی وزە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group