پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە دەكەوێتە مانگی ئازاری داهاتوەوە

28/11/2022 عێراق

نەوا-
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێیوایە پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی دەكەوێت مانگی ئازاری ساڵی داهاتوەوە.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، لەناو ئەنجومەنەكە پێكهێنانی لیژنەكان كە 25 لیژنەن یەكلایی بونەتەوە، تائێستا وارێككەوتن كراوە كە سەرۆكایەتی لیژنەكان لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراقدا دابەشبكرێن بەپێی ژمارەی كورسییەكانیان و تائێستاش دانوستان بۆ وەرگرتنی سەرۆك لیژنەكان بەردەوامن یەكلایی نەبونەتەوە، كاردەكەن بۆئەوەی ئەو بۆشاییەی لە لیژنەكاندا دروستبون پڕبكرێنەوە بەدەستنیشانكردنی سەرۆك و جێگرەكەی و بڕیاردەرەكانیان و هەموو لیژنەیەك بەپێی پسپۆڕی خۆیان دەستنیشان دەكرێن.
كازمی وتوشیەتی، پرۆژە یاسای بودجە سەرەتای ساڵی داهاتوو لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی لەبارەی پشكی پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان و ئەو پارێزگایانەی بێبەشكراون لەناوەڕاست و باشوری عیراق، هەروەها ئەو پارێزگایانەشی كە بەهۆی تیرۆرەوە زیانیان بەركەوتوە، دوادەكەوێت.
كازمی وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 لەمانگی ئازار (3)ی داهاتودا تێپەڕێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group