ئێران بەهۆی بردنەوەی لە هەڵبژاردەی وێڵز سەدان زیندانی ئازاد كرد

28/11/2022 وەرزش

نەوا-
رۆژی هەینی هەڵبژاردەی ئێران (2-0) لە هەڵبژاردەی وێلزی بردەوە لەیەكێك لە یارییەكانی جامی جیهانیی قەتەر، بەو هۆیەشەوە سەدان زیندانی ئەو وڵاتە ئازادكران كە بەشێكیان بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەستگیر كرابون.
ماڵپەڕەكانی ئێران بڵاویانكردۆتەوە، دوای ئەوەی رۆژی هەینی هەڵبژاردەی ئێران بەسەر یانەی وێڵزدا سەركەوت، هاندەرانی ئێران بەبۆنەی سەركەوتنی یانەكەیان رژانە سەر شەقامەكانی تارانی پایتەخت، رۆژی دووشەممەش 28-11،  709 هاوڵاتی لە زیندانە جیاوازەكاندا ئازاد كراون كە بەشێكیان لە كاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی ئەم دواییە دەستگیر كرابون.
بڵاویشكراوەتەوە،  ئەكتەری دیاری ئێرانی هینگام غازیانی ئازاد كراوە كە بەتۆمەتی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكان دەستگیر كرابوو، هەروەها ڤۆریا غەفوری یاریزانی پێشوی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و حسێن روناكی بە كەفالەت ئازاد كراون، هەروەها مەحمود شەهریاری كە پێشكەشكاری پێشوی كەناڵێك بوە دوای دوو مانگ زیندانیكردن ئازاد كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group