گروپێكی ئێرانی گۆڤاری چارلی ئیبدۆیان هاك كرد

04/02/2023 جیهان

نەوا – 
گروپێكی ئێرانی بەناوی "رۆحە پیرۆزەكان" گۆڤاری چارلی ئیبدۆی فەرەنسیان هاك كردووە و بەپێی زانیاریەكان، داتای 200 هەزار بەشداربووی گۆڤارەكەیان بردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو گۆڤارە پێشبڕكێیەكی بۆ دروست كردنی وێنەی كاریكاتێری كەسایەتییەكی ئایینی ئێران رێكخست.
شارەزایانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بڵاویان كردووەتەوە، دوای رێكخستنی هەڵمەتێك لەلایەن گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ"ی فەرەنسی بۆ دروست كردنی وێنەی كاریكاتێری فەرمانڕەوایەكی ئێران، گروپێكی ئەلكترۆنی كە ئێران پاڵپشتیان دەكات گۆڤارەكەیان هاك كردووە و داتا و زانیاری بەشداربووانیان بردووە.
لەلایەن ترەوە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا "FBI" بڵاویكردووەتەوە، گروپەكە ناویان "ئیمینیت باسارگاد"ە و پێشتریش دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كردووە لە ساڵی 2020دا.
بەپێی زانیاریەكان، گروپە ئێرانییەكە كە خۆیان ناوناوە "رۆحە پیرۆزەكان" زانیاری 200 هەزار كەسیان لە بەشداربووانی گۆڤارەكە بردووە و بۆ سەلماندنی كارەكیان ناو و ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵی 200 كەسیان بڵاوكردووەتەوە، هەروەها سەرجەم ئەو داتایانەی بردوویانە خستویانەتە میمۆری فلاشێكەوە و لە دیوە تاریكەكەی تۆڕی ئینتەرنێت دایانناوە بۆ فرۆشتن ئەویش بەرامبەر 340 هەزار دۆلار.
چارلی ئیبدۆ بەوە ناسراوە بەردەوام وێنەی كاریكاتێر لەسەر كەسایەتیە ئایینیەكان بەتایبەتی پیرۆزییەكانی ئاینی ئیسلام و چەندین كەسایەتی جیهانی بڵاودەكاتەوە، پێشتریش بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێر لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) هێرش كرایە سەری و چەند كارمەندێكی كوژران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group