پزیشكێك بە نهێنی 4 هاوسەرگیری دەكات و 12 منداڵی لێیان دەبێت

12/02/2023 هەمەڕەنگ

نەوا - 
پزیشكێك هاوسەرگیری لەگەڵ 4 ژندا دەكات و ماوەی چەندین ساڵ دەیشارێتەوە بەبێ‌ ئەوەی ژنی یەكەمی بزانێت، دوای ئەوەی پێی دەزانرێت سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەكات.
دەزگاكانی راگەیاندنی میسر بڵاویان كردووەتەوە، پزیشكێكی نەشتەرگەری لە شاری تەنتا لە ساڵی 1999 هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستایەكدا كردووە و 5 منداڵی لێی بووە، دواتر لە ساڵی 2001دا هاوسەرگیری دووەم دەكات بە ئاگاداری هاوسەری یەكەمی و 6 منداڵی لێی دەبێت.
رونیشكراوەتەوە، پزیشكەكە كە ناوی مەحمودە و پزیشكێكی دیارە لە ساڵی 2017یش هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێكی تردا كردووە بە نهێنی و دواتر لە ساڵی 2020دا هاوسەرگیری تری كردووە ئەویش بە نهێنی، بەڵام دواتر ژنی یەكەمی لە رێگەی نامەی فەیسبووكەوە پەڕاوی هاوسەرگیری سێیەمی دەبینێت و پێی دەزانێت.
میدیاكان باسیان لەوەش كردووە، ژنی یەكەم سكاڵای لەسەر هاوسەرەكەی تۆمار كردووە بەهۆی ئەوەی بەنهێنی هاوسەرگیری سێیەمی ئەنجامداوە و زانیاری هەڵەی بە رێگەپێدەری ناوچەكە داوە تاوەكو نەزانرێت 2 هاوسەری تری هەیە، دوای گرتنەبەری رێوشوێنەكان ئاشكرا دەبێت كە هاوسەرگیری چوارەمیشی كردووە.
ئەوەش هاتووە، دادگا سزای 6 مانگ زیندانی و 5 هەزار جونەی سزای دارایی بۆ پزیشكەكە بڕیوەتەوە، لای خۆشیانەوە سەندیكای پزیشكان رەتیان كردووەتەوە دەستوەردان بكەن چونكە پێیان وایە ئەوە كارێكی تایبەت بە پزیشكەكە خۆیەتی و پەیوەندی بە كاری پزیشكییەوە نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group