تەندروستی جیهانی: هەموو دوو خولەكێك دایكێك لە جیهاندا دەمرێت

23/02/2023 هەمەڕەنگ

نەوا - 
رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2020دا ژمارەی ئەو دایكانەی گیانیان لەدەستداوە 287 هەزار كەس بووە، دیارترین هۆكارەكانیش منداڵبوون و نەخۆشیەكانی ئایدز و مەلاریان.
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 2020دا نزیكەی 287 هەزار ژن لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی بوون بە دایك، بەو پێیەش هەر رۆژێك 800 دایك و لە هەر دوو خولەكدا دایكێك گیانی لەدەستداوە، ئەو ژمارەیەش لەچاو 20 ساڵ پێش ئێستادا كەمی كردووە و بارودۆخی دایكان بەرەو باشتر رۆیشتووە كە دوو دەیە پێش ئێستا 446 هەزار دایك لە ساڵێكدا گیانیان لەدەستداوە.
باس لەوەش كراوە، لەكاتێكدا ژمارەی گیانلەدەستدانی ژنانی دووگیان یاخود لەكاتی منداڵبووندا كەمیكردووە لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2015، بەڵام لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بەجێگیری ماوەتەوە و تەنانەت لە هەندێك ناوچەدا زیادی كردووە.
بەپێی ئامارەكان، 70%ی گیان لەدەستدانەكان لە كیشوەری ئەفریقان بەدوای ئەویشدا ئاسیا دێت كە 17%ی گیانلەدەستدان لەو كیشوەرەن، لە دیارترین هۆكارەكانیش "خوێنبەربوونی توند، لەبارچوون و نەخۆشیەكانی وەك ڤایرۆسی ئایدز و مەلاریا"ن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group