كازمی: تەرمەكەی سەدام حسێن لە نزیك ماڵەكەم فڕێدرابوو

12/03/2023 عێراق

نەوا - 
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق جارێكی تر تێوەگلانی كابینەكەی لە دزی سەدە رەتدەكاتەوە و دەشڵێت، گەندەڵی بەربڵاو هەیە لە دامودەزگاكانی حكومەتدا و بووەتە هۆی دیارنەمانی زیاتر لە 600 ملیار دۆلار.
مستەفا كازمی لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "شرق الاوسگ" ئاماژەی بەوەداوە، كابینەكەی لە دزی سەدەوە تێوەنەگلاوە و كەسانێك هەوڵی ناشرین كردنی دەدەن، دەیانەوێت كەموكوڕییەكان بخەنە ئەستۆی حكومەتەكەی بە سیستمی سیاسی 20 ساڵی رابردوشەوە.
باسی لەوەش كردووە، گەندەڵی زیاتر لە 600 ملیار دۆلاری لە ‌سامانی گشتی عیراقدا كراوە و بۆ بەرژەوەندی تاكەكان و قەوارە حزبی و سەربازییەكان و ناوچەیی بەكارهێنراوە، بەداخەوە كەسانێك هەن دەیانەوێت مێژووی خراپی حوكمڕانی خۆیان پاك بكەنەوە، بەوەی كەموكوڕییەكان بخەنە ئەستۆی حكومەتی كازمی كە هیچ حزب و میلیشیا و كوتلەی پەرلەمانی نییە.
كازمی ئەوەشی ئاشكرا كردووە، 3 جار هەوڵی كوشتنی دراوە، لە یەكیاندا ماڵەكەی كرایە ئامانج، كازمی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی، كە دوای لەسێدارەدانی سەدام حسێن دیكتاتۆری تەرمەكەی لە نزیك ماڵەكەی ئەو و نوری مالیكیدا فڕێدراوە لە ناوچەكەی سەوز.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group