وردەكاری كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڵاوكرایەوە

13/03/2023 عێراق

نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وردەكاری دانیشتنی ئاسایی بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بڵاوكردەوە.
لە راگەیەنراوێكدا نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران بڵاویكردۆتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دانیشتنی یانزدەهەمی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كردوەو لەدانیشتنەكەدا رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025، داو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد، جەختیشی كردەوە كە حكومەت پەرۆشە بودجە وەك رەنگدانەوەی بەرنامەی حكومەت بێت كە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر داوە. 
سودانی راشیگەیاندوە، ئەم بودجەیە بۆ سێ ساڵی دیكە دوبارە دەبێتەوە، چونكە بەپێی یاسای بەڕێوبردنی دارایی ژمارە 6 دانراوە، كە رێگای بەئەنجومەنی وەزیران داوە بودجە بۆ ساڵی دیكە دوبارە بكاتەوە، وەزارەتی دارایی و پلاندنانیش دەتوانن بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانكاری تێدا بكەن ئەگەر گۆڕانكاری لەژمارە یان نرخی نەوت و رێژەكەی كرا. 
راشگەیەنراوە، لەگەڵ نزیكبونەوەی ساڵیادی كارەساتی هەڵەبجە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر پرۆژە یاسای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لەكۆماری عیراق و رەوانەكردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران وەك نیەت پاكی بەرامبەر بەو شارەو رێزگرتن لە رۆحی شەهیدەكانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group